رۆژانە 100 حاجی کورد چارەسەر دەکرێن

ژنە حاجیەکە گیانی لەدەست نەداوە و دوای نەشتەرگەری مێشک لە چاودێری چڕ دایە

964+

فەرمان سادق

ئەو ژنە حاجیەی دەنگۆی گیان لەدەستدانی بڵاوکراویەوە، نەمردووە و لەژێر چاودێری چڕ دایە و نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 18.6.2023، دەنگۆی گیان لەدەستدانی ژنە حاجیەکی کورد لە مەککە بڵاوکرایەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی 964، گیانی لەدەست نەداوە و لەژێر چاودێری چڕ دایە.

دکتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز، سەرۆکی لیژنەی پزیشکی حاجیانی کوردستان لە رێگەی ڤایبەرەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ئەو ژنە حاجیە لەگەڵ گەیشتنی بە شاری مەککە و دابەزینی لە فڕۆکە، جەڵتەی مێشکی لێداوە.

دەشڵێت: ئەو ژنە تەمەنی 68 ساڵە و پێشتریش دیارە لە هەڵەبجە جەڵتەیەکی سووکی هەبووە، ئەمە بووە جەڵتەی دووەم، هاوکات خۆیشی نەخۆشی دڵی هەبووە و شەکرەشی هەیە.

زیاتر وتیشی “دوای رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەی سعودی ئەڵمانی کراوە، لەوێ نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدراوە و ئێستا لە چاودێری چڕ دایە و باری تەندروستی جێگیر نییە، بەڵام ئەو هەواڵە راست نییە کە دەگوترێت گیانی لەدەستداوە”.

تیمی پزیشکی هاوەڵی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە 21 کارمەندی پزیشکی پێکهاتوون و بەسەر سێ تیم دابەشکراون بەگوێرەی شوێنی مانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر سەرهەنگ جامباز ئەوەشی بە 964 وت، لەوەتەی گەشتی سعودیەیان کردووە، رۆژانە 100 حاجی کورد لەلایەن سێ تیمە پزیشکییەکە چارەسەر وەردەگرن.

وتیشی “ئەوانەی وەک نەخۆش سەردانیان کردووین، زۆرینەی هەڵامەت و نەخۆشییە درێژخایەنەکانن”.

11 پزیشک و دەرمانسازێک و نۆ یاریدەدەری پزیشکی و پەرستار وەک تیمی پزیشکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوەڵی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ.