ئۆتۆمبێلەکەت هەر کێشەیەکی هەبێت ئایفۆنەکەت بۆت دەستنیشاندەکات

ئەحمەد عەبدوڵا

کۆمپانیای ئەپڵ تایبەتمەندییەک بۆ مۆبایلی ئایفۆن زیاد دەکات کە دەستنیشانی کێشەی ئۆتۆمبێلەکەت دەکات.

خزمەتگوزاری دەستنیشانکردن و پێدانی زانیاری لەسەر کێشەی ئۆتۆمبێلەکەت بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ مۆبایلی ئەپڵ زیاد بکرێت.

خزمەتگوزارییەکە لەگەڵ هاتنی وەشانی نوێی (iOS) دەبێتە بەشێک لە خزمەتگوزاری (Siri) بۆ ناو مۆبایلەکانی ئایفۆن، هاوکات تایبەتمەندییەکی تریش بە ناوی (Image Search) بۆ مۆبایلی ئایفۆن زیاد دەکرێت.

ئەو دوو تایبەتمەندییە بە دوو شێوازی جیاواز هاوکاریت دەکەن لە دەستنیشانکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلەکەت، دەتوانی قسە لەگەڵ (Siri) بکەیت و پرسیاری کێشەی ئۆتۆمبێلەکەتی لێ بکەی، بۆ ئەوانەشی زمانی ئینگلیزی نازانن ئەوا دەتوانن وێنەی ئەو گڵۆپە داگیرساوەی ناو داشبۆردەکە بگرن و بینێرن بۆ (Image Search)، ئەوا پێتدەڵێت کێشەی ئۆتۆمبێلەکەت چییە.

ئەو وەشانە نوێیە بۆ ئایفۆنی (XR) بەسەرەوە بەردەست دەبێت.

ئەوەت بیر نەچێت، ئەو تایبەتمەندییە نوێیە تەنیا رێنمایی و هەنگاوە سەرەتاییەکانت دەربارەی کێشەکە بۆ رووندەکاتەوە، بۆیە لەکاتی بەردەستبوونی تایبەتمەندییەکە ژمارەی فیتەرەکەی هاوڕێت رەش مەکەرەوە.

شارەزایانی تەکنەلۆژیا بە تایبەتمەندییەکی گرنگ وەسفی دەکەن، چونکە زۆرێک لە شۆفێران نازانن مانای گڵۆپەکانی ناو داشبۆردەکەیان چین و بڕوایانوایە ئەو تایبەتمەندییە نوێیەی ئایفۆن یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆیان.

وامەزانە ئەم تایبەتمەندییەی باسمانکرد گرنگترینە، لە وەشانە نوێیەکەی سیستمی ئایفۆندا 145 تایبەتمەندی نوێ زیادکراوە و پڕە لە خزمەتگوزاری جیاواز، وا بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ نەوەی نوێی ئایفۆن بەردەستبێت.