گوندە نوێیەکەی کەلار بێ خزمەتگوزارییە

دانیشتووانەکەی سکاڵا تۆمار دەکەن

+964

هونەر فارس- گەرمیان

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، دانیشتووانی تابلۆ سیتی داوادەکەن لێپێچینەوە لە کۆمپانیای جێبەجێکار بکرێت.

تابلۆ سیتی کە بە’ کەلاری نوێ’ـش ناسراوە، دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای شاری کەلار لە ٩٠١ یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری دروستکردنی دراوە، دەبوو لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو ببێت، بەڵام ئەگەرچی خانووەکان تەواو بوونەو خەڵکی تێدا دەژین، ئەوا تا ئێستا قوتابخانەو دایەنگەو پارک و چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی تێدا نیە، ئەمەش دانیشتووانەکەی نیگەران کردووەو، داوای لێپێچینەوە لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی کانونی یەکەم، ژمارەیەک لە دانیشتووانی تابلۆ سیتی، لەبەردەم داواکاریی گشتی گەرمیان گردبوونەوە.

کامەران عەلی نوێنەری دانیشتوانی پڕۆژەکە بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ دەبوو دوو دایەنگا، دوو باخچەی ساوایان، دوو قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک لەناو پڕۆژەکە دروست بکرێت، بەڵام تەنیا نەخۆشخانەکە کراوە، ئەویش کراوە بە فەحسی چاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ.

زیاتر وتی “منداڵەکانمان بەناچاری لە قوتابخانەکانی کەلاری کۆن دەخوێنن، بۆیە هاتووین داوا لە داواکاریی گشتی بکەین چارەیەک بکات، بەڵام پێیان وتین ئیشەکانتان لای ئێمە نیە و دەبێت بەگوێرەی گرێبەستەکە سکاڵا لە کۆمپانیای جێبەجێکار بکەن”.