لە هەڵەبجە وەبەرهێنان لە گوڵی زەعفەران دەکرێت

کیلۆی سێ ملیۆن دینارە

+964

محەمەد عومەر

ئەندازیارێکی کشتوکاڵی، ماوەی چوار ساڵە وەبەرهێنان لە گوڵی زەعفەران دەکات، دەڵێ؛ کیلۆی مەیسەمەکەی سێ ملیۆن دینارە.

گوڵی زەعفەران، کە بە زێڕی سووریش ناسراوە، گوڵێکی پایزەیەو زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەڕوێت، بەهۆی بەها گرنگەکەی و بەکارهێنانی لە زۆر بواردا، لە دونیا وەبەرهێنانی زۆری لەسەر دەکرێت و ئەمەش وایکردووە نرخەکەی گران بێت.


ئومێد ئەحمەد، ئەندازیارێکی کشتوکاڵیە ماوەی چوار ساڵە لە باخەکەی خۆیدا لە پارێزگای هەڵەبجە خەریکی بەرهەمهێنانی گوڵی زەعفەرانە.

“سەردانێکی ئێرانم کرد، بینیم وەبەرهێنان لەسەر ئەو گوڵە دەکەن، منیش بڕیارمدا ئەم ئەزموونە نوێیە تاقی بکەمەوەو پاش ناشتنی سەلکی گوڵەکە، دەرکەوت لەگەڵ ئاوهەواوی ناوچەکە گونجاوەو بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەرهەم دێت”. ئومێد ئەحمەد وای وت، ئەوەشی روونکردەوە کە گوڵی زەعفەران لەبواری پزیشکدا بەکاردێت بۆ هێورکردنەوەی مێشک، هەروەها لە ناندینیش بەکاردێت بۆ رەنگکردنی چێشت و خواردنەکان و، پەڕەکەشی بۆ ناو چایی بەکاردێت کە تام و بۆنێکی تایبەتی دەداتێ.

گوڵی زەعفەران، لە مانگی ئەیلول دێتە چاندن، لە کوردستانیش ناوچەیەک هەیە بەناوی زەعفەران، ئەمەش بەهۆی بوونی بڕێکی زۆری گوڵی زەعفەران لە ناوچەکەدا.

ئومێد ئەحمەد، زیاتر وتی “نرخی کیلۆیەک لە مەیسەمەکەی ناو گوڵی زەعفەران، واتە سێ تاڵە سورەکەی، دەگاتە سێ ملیۆن دینار”.