“تەرمی برایەکمان بەخاکسپاردووە و چاوەڕێی تەرمی دووەمین”

964+

ئاسۆ وەرتی

تا ئێستا تەرمی یەکێک لە دوو برا خنکاوەکەی گەلی عەلی بەگ نەدۆزراوەتەوە و کەسوکاریشیان داوای تیمی غەواسی زیاتر دەکەن.

برایەکی ئەو گەنجە خنکاوانە بۆ 964 دەڵێت، ” تەرمی برایەکمان بەخاکسپاردووە و چاوەڕێی دۆزینەوەی تەرمی دووەمین بۆ ئەوەی پرسەیان بۆ دابنێین”.

داواش دەکات، ژمارەی تیمەکانی فریاگوزاری و غەواسەکان زیاتر بکرێن و بەهانایانەوە بچن بۆ ئەوەی تەرمی براکەی تریان بدۆزنەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دوو برا لە رووباری گەلی عەلی بەگ خنکان کە لە هەولێرەوە بە مەبەستی گەشتیاری روویان لەو ناوچەیە کردبوو.

تەرمی یەکێکیان هەر دوێنێ لە ئاوەکە دەرهێندرایەوە، بەڵام برای دووەم هێشتا لەناو ئاوەکەدایە و تیمەکانی مەلەوانی بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن.

براکان ناویان مەبەست و هەڵوێست شاکر بوو، تەمەنیان 25 و 26 ساڵان بووە.

پێداچوونەوە؛ توانا نەقی