پەیمانگای تەکنیکیی هەولێر خەمی ئاگرکەوتنەوەی نەما

964+

فەهمی نەبی

پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕیی هەولێر هەموو ئاگرکوژێنەوەکانی پەیمانگاکەی نوێکردەوە، بە وتەی خۆیان ماوەیەکی زۆر بوو لەکارکەوتبوون.

محەمەد حەمەدەمین، بەرپرسی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پەیمانگا بۆ 964 قسەی کرد، “چوار مانگ بەر لە ئێستا داوامان لە دارایی زانکۆ کرد دەبێت ئاگر کوژێنەوەی پەیمانگا نوێبکرێتەوە، پارەیان بۆ خەرجکردین و ئێستا حاڵی پەیمانگا بۆ ئاگرکوژێنەوە باشە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی، ئاگرکوژێنەوەکان 80 دانە بوون، لە بازاڕ پڕکراونەتەوە، نیوەی ئەو ژمارەیەی بەسەر بەشە ناوخۆییەکان دابەشکراون و خراونەتە ناو بۆردی سیستمی ئاگرکوژێنەوەکە.

محەمەد حەمەدەمین دەڵێت، ئاگرکوژێنەوەی بەشە ناوخۆییەکان جۆری هەنتەرە واتا بە سیستم رێکخراوە و هەرکات دووکەڵ و ئاگر هەبوو خۆی راستەوخۆ کاردەکات.

بە پێی زانیارییەکان ئەو ئاگرکوژێنەوانەی دابەشکراون، لە جۆری شەش کیلۆیی و 12 کیلۆییە.

پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕیی هەولێر، سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە، نۆ بەش لەخۆدەگرێت، خاوەنی سێ بەشە ناوخۆییە، دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک.