پێداویستی پزیشکی دروست دەکرد

لە هەولێر کارگەیەکی بێ ناو داخرا

964+

فەهمی نەبی

کارگەیەکی دروستکردنی پێداویستی پزیشکی، کە هیچ ناوێکی نەبووە و پابەندی رێنماییە پزیشکییەکان نەبووە، لە لایەن تیمێکی پەیوەندیدار بە کۆنتڕۆڵکردنی جۆریی وەزارەتی تەندروستی داخراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو کارگەیە لەلایەن تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پۆلیسی شارەوانی سەر بە قایمقامیەتی هەولێر داخراوە.

نوێنەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، هەر کارگەیەک دادەمەزرێت دەبێت تاقیگەی هەبێت بۆ پشکنینی ئەو پێداویستییانەی بەرهەمی دەهێنێت، بەڵام کارگەکە ئەو تاقیگەیەی نەبوو، جگە لەوە هیچ ناوێکی نەبوو.

ئەو نوێنەرەی کۆنتڕۆڵی جۆری، کە نەویست ناوی بهێنرێت دەڵێت، “ئێمە پێویستیمان بە کارگەی دروستکردنی پێداویستی پزیشکی هەیە، بۆ ئەوەی چیتر پێویستیمان بە هاوردەکردنی پێداویستی پزیشکی نەمێنێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە خەڵکانێک پابەندی رێنماییەکان نەبن”.

ئەو کارگە بێ ناوەی داخراوە، کاری دروستکردنی جلوبەرگ و سێتی نەشتەرگەری و دەمامک بووە.

لە شاری هەولێر چوار کارگەی دروستکردنی پێداویستی پزیشکی هەیە، لە ناویاندا یەکێک لە کارگەکان سرنج دروست دەکات و چەندین کارگەی دیکەش داوای مۆڵەتیان کردووە، ئەمەش بە پێی وتەی نوێنەری کۆنتڕۆڵی جۆرییە.