رووداوەکە لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل بووە

بەهۆی رووداوی هاتوچۆکەی شەقامی 120 مەتریەوە کەسێک گیانی لەدەستدا

توانا نەقی

کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر بەهۆی پێشبڕکێی دوو ئۆتۆمبێلەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تر گیانی لەدەستدا.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی گۆڵفی تایبەت پێشبڕکێیان کردووە لە نێوان خۆیان کە هەریەکەیان شۆفێرێک و سەرنشینێکیان تیادا بووە.

لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویۆتا کراون لەسەر شەقامەکە لە رێرەوی خۆی دەرۆشت، بێ ئاگا لەوەی یەکێک لە گۆڵفەکان بە هۆی خێرایی زۆرەوە خۆی کێشاوە بە دواوەی ئۆتۆمبێلەکە و لە ئەنجامدا کراونەکە گڕی گرتووە و هەڵوەشاوەتەوە.

دەشڵیت، گۆڵفەکە دووبارە خۆی کێشاوە بە گۆڵفەکەی هاوڕێیدا و پاشان وەستاون، لە ئەنجامی رووداوەکەش شۆفێری کراونەکە کە بێ تاوان بووە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی سووتاوە و گیانی لەدەستداوە.

جگە لە مردنی شۆفێری کراونەکە، چوار کەسی ناو گۆڵفەکانیش بە سەختی بریندار بوون و زیان بەر سێ ئۆتۆمبێل و رێگاوبانەکەش کەوتووە و ئاسەواری پێکدادانەکە لە مەودای 200 مەتردا بڵاوبووەتەوە.