لە یەک مانگدا
زیاتر لە 115 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە زاخۆ روویانداوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 115 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبوو، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی زاخۆ ئەمڕۆ سێشەم بە 964-ی وت، لە کۆی ئەو رووداوانە زیاتر لە 104 حاڵەتیان بەهۆی ئاگرکردنەوە بووە لەلایەن خەڵک لە گۆڕەپانە چۆڵەکانی نزیک گەڕەکەکان، ئەمەش بەهۆی سووتاندنی پووش یان پاککردنەوەی لە خاشاک، بەڵام لە کۆنتڕۆڵی خەڵک دەرچووە و تەشەنەی کردووە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئەوەشی وت، سێ حاڵەتی سووتانی دەغڵودان هەبووە لە سنوورەکە، بەشێکیان پەیوەندیان هەبووە بەو شووشانەی لە نێو کێڵگەی گەنم فڕێدراون، تیشکی خۆر لێیان دەدات و دەبێتە هۆکاری ئاگر کەوتنەوە.
بە گوێرەی زانیاریی کەسانی شارەزای ئاگرکوژێنەوە، ساڵانە بەشێکی ئەو رووداوی ئاگرکەوتنەوانەی روودەدەن بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی جگەرەی نەکوژاوە و شووشە دروست دەبێت، بە جۆرێک کاتێک تیشکی خۆر لە شووشەکە دەدات، گەرمیی تیشکی خۆر دەگوازرێتەوە و رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دروست دەبێت.
بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاندوە هاوڵاتیان لە هەبوونی هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115 بکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی