وێنەکانیان بە گۆشەی 360 پلەیە

نەخشەی سیروان و خورماڵ و تەوێڵە و بیارە بۆ گوگڵ ماپ زیاد کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نەخشەی سنووری هەریەک لە شارەوانییەکانی سیروان، خورماڵ، تەوێڵە و بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە چووە سەر گوگڵ ماپ و لەمەودوا بە وێنەی 360 پلەیی دەتوانیت هەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی ئەو ناوچانە ببینیت.

ئەندازیار خێڵان عەبدولرەحمان، سەرپەرشتیاری گەشەپێدانی نەخشەیی ئەو ناوچانە بە 964ی وت، بەو نەخشەیە شارەوانی دەتوانێت پێشوەختە هەر لەسەر ئینتەرنێت شوێنی زیادەڕۆ و کێشەی زەوی و زار چارەسەر بکات و نەچێتە شوێنی مەبەست.

نەخشەکە لەرووی گەشتیاریشەوە سوودی بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە دەچنە سیروان، خورماڵ، تەوێڵە و بیارە و ناوی هەموو شوێنەکان بە زمانی کوردی و لاتینی لەسەر گوگڵ ماپ تۆمار دەکرێت.

“لە ئەمشەوەوە نەخشەکە کەوتووەتە کار و بەرێژەی 95٪ـی ناوچەکان خراونەتە سەر گوگڵ ماپ”، ئەندازیار خێڵان عەبدولرەحمان وای وت.

هه‌ر له‌ رێگه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ ده‌تواندرێت بینینی شەقامەکان street view  لەسەر نەخشەی گوگڵ ماپ بۆ تەواوی شەقام و کۆڵانەکان، تۆمار بكرێت و سەرجەم هاوڵاتیان لە هەرکوێ بن  پێشوەختە سوودمەند دەبن لە بینینی ئەو شوێنەی، کە بیانەوێت سەردانی بکەن.

هاوكات بۆ دروستکردنی ماستەرپلان و گەشەپێدانی سنووری شارەوانی، گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە.

رۆژی دووشەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانی ئەو ناوچانە کۆبووەتەوە و هەندێک شوێنی دیکە زیادکراون.