گۆڕانکارییەکانی لە بودجە کراون پێچەوانەی دەستوور و رێکەوتنەکانن

“دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی کوردستان کار دەکەن”

964+

فەرمان سادق

لەسەر گۆڕانکارییەکانی کراوە لە هەردوو مادەی 13 و 14ـی بودجەی عێراق، وەزارەتی دارایی کوردستان دەڵێت: دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو رێکەوتنانە پەشیمان بوونەوەتەوە لەسەر پرسی بودجە.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی 517 وشەیدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردەوە لەسەر پرسی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق پەیوەند بە بودجە، ئاماژە بەوە دەکات کە “دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا بوو”.

دەشڵێت: ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کە ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.

راگەیەندراوێک لە وەزیری دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم:

راستییەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بە دەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەر بۆیە بەرنامەی چاکسازی راگەیەندراوە، بەڵام نابێت هیچ کات رێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بە مافە دەستووری و یاسایی و نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار و رێکەوتن و لێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لەنێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراو، دواتریش رێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین رێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رۆژی 4ـی نیسانی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد واژۆ کرا.

هەر لە سەرەتای رەوانەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە حکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا بوو. ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کە ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمییە بەرامبەر بە دۆزی کورد.

لە بەشێکی دیکەی بەیانەمە 517 وشەیەکەدا هاتووە کە بەهۆی “سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەند و بارگرانیە زاڵمانەوە، دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاوڵاتیەکی عێراقی نەکراوە و ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بە گشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکاریە ستەم کارانەیە دەکەم بە تایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان”.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری باس لە ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کوردیش دەکات و دەڵێت: بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کورد و بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانراوە کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستییەکان جیا بکرێتەوە.

“ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووە و دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە، هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بە تەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بووبێت، ئەوا لەمەودوا لە ئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێز و لایەنانەیە کە دەنگیان بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە، ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کە لەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراق دایە”

وەزیری دارایی و ئابووری، خۆزگەی ئەوەش دەخوازێت کە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بە ناوی شەفافیەت و یەکسانییەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە، تەنیا لە یەک لە دەیان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە 10 ساڵی رابردوودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان رەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنوردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عێراق چارەنووسی دیاری بکرایە.

راگەیەندراوە 517 وشەیەکەی وەزارەتی دارایی با لەوەش دەکات کە “سەرەڕای ئەوەی کە رۆژانە بە سەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێی زەرەرمەند دەبن، ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەستخۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد”.

ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری خۆزگەی ئەوەش دەخوازێت کە:

“بۆ یەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا دەبینی تەنیا روویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێیە؟”.