کێشەی ئایفۆن ١٤ی پڕۆ تەواو نابێ

+964
بڵند عوسمان – هەولێر

ئایفۆن ١٤ی پڕۆ و ١٤ی پڕۆ ماکس کێشەی نوێیان تێدا دەردەکەوێت، لە هەندێک حاڵەتدا داینامیک ئایلاندەکەیان دەبێتە دوو دانە و داهێنانەکەی ئەپڵ تێکدەدات.

لە جۆرە پڕۆکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ، تایبەتمەندییەکی نوێ زیادکراوە بە ناوی داینامیک ئایلاند، بەو بەشە ڕەشەی سەرەوەی شاشەی مۆبایلەکان دەوترێ، کە کامێرای پێشەوە و هەستەوەرەکانی دەکەوێتە ناو.

ئەم تایبەتمەندییە یەکێکە لە باشترین تێکهەڵکێشەکانی هاردوێر و سۆفتوێری ئەپڵ کە تا ئێستا درووستی کردبێت، بەڵام لەم چەند نوێکارییەی بۆ سۆفتوێری مۆبایلەکان هاتووە هەندێک کێشە بۆ بەکارهێنەران دروست بووە لەگەڵ ئەم تایبەتمەندیەدا، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەردەکەوێت و لە بایەخ و گرنگی ئەم داهێنانەی ئەپڵ کەمدەکاتەوە.

ئایفۆن ١٤ لە ٧ی سێپتێمبەری ئەمساڵ ناسێندرا، کە نوێترین زنجیرەی کۆمپانایی ئەپڵە، بە یەکێک لە بە بەهێزترین و باشترین مۆبایلە زیرەکەکان لە ئێستادا هەژمار دەکرێت.