مادەکانی 12 و 13 تایبەت بە هەرێم لە بودجەی عێراق پەسەندکرا

964+

توانا نەقی

لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە دەنگ لەسەر پشکی هەرێم درا.

مادەی 12 کە تایبەتە بە پشکی هەرێـم لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دەنگی لەسەر دراو جێگیر کرا کە بڕەکەی 12.67%ـە.

مادەی 13ـەش لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند کرا کە تایبەتە بە هەناردەی نەوت و قەرزەکانی هەرێمی کوردستان.

لە مادەی 13ـەدا ئەوە جێگیر کراوە کە حکومەتی هەرێـم دەبێت پابەندبێت بە هەناردەکردنی نەوتەوە لە رێگەی سۆمۆوەیە لە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاتر نەبێت، ئەگەر هەناردەی نەکرد ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق دەەتوانێت بیبات و لە ناوخۆ یان هەر شوێنێک بەکاری بهێنێت.

سەبارەت بە مادەی 14 تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە گفتوگۆ لەسەر 2 بڕگەی کراوەو وەستاوە بەو پێیەی مادەکە گفتووگۆ زۆر هەڵدەگرێت و چاوەڕێ ناکرێت بە ئاسانی جێگیر بکرێت یان گفتوگۆکانی تەواو ببن.

بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 14 ترلیۆن و 842 ملیار دینار زیاترە کە دەکاتە 12.67%ـی کۆی بودجەکە، لەگەڵیشدا 276 ملیار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و 62 ملیۆن دۆلار پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزی دەرەکی و زیاتر لە ترلیۆنێک و 428 ملیار دینار کرێی گواستنەوەی نەوتە کە کۆی گشتی دەکاتە 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار.