پۆلیسی ئەخلاق هەڵدەوەشێتەوە

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
داواكاری گشتی ئێران بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکەی.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ئەمڕۆ ٤ی كانونی دووەمی ٢٠٢٢، محەمەد جەعفەر مونتەزەری، دادوەری گشتیی ئێران بڕیاریداوە هێزێک بەناوی “پۆلیسی ئەخلاق” نەمێنێت.
پۆلیسی ئەخلاق کە لە ئێران بە ناوی گەشتی ئیڕشاد دەناسرێت، لە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە، بەشێکە لە فەرماندەیی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئیران و ئەرکی چاودێریکردنی جلوبەرگی هاوڵاتیانە، بە تایبەت ژنان.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، دەسەڵاتی دادوەری بە فەرمی سەرپەرشتی و چاودێری وردی هەڵوەشانەوەی ئەو هێزە دەكات و پێداچوونەوە بە رەفتارەكانی رابردووی ئەو دەزگایەدا دەكات و لێپرسینەوەش لە چەند بەرپرسێك دەكرێت.
باس لەوەشکراوە، تاوەکو ١٥ی رۆژی دیکە پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای کەلتوری ئێران سەبارەت بە بابەتی ”حیجاب” و باڵاپۆشی رای خۆیان رادەگەیەنن و كۆبوونەوەی تایبەتی خۆیان لەوبارەیەوە دەکەن.
لە سێ مانگی رابردوودا، بەهۆی ئەوەی ژینا ئەمینی لە بنکەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران گیانی لەدەستدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز بوو لە پارێزگای کوردستانی رۆژهەڵاتی کوردستان.