پێنج گەڕەکی زاخۆ قیرتاو دەکرێن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
جادە و کوڵانەکانی سەنتەری شاری زاخۆ تەنیا 40% قیرتاون، بەڵام بە قسەی بەرپرسان پێش هاتنی ساڵی 2024 رێژەکە دەگاتە 80%.
ماوەیەکی زۆرە سنووری ئیدارەی زاخۆ فراوان بووە و چەندین گەڕەکی نوێی بۆ زیادکراوە کە پێشتر وەکو گوند هەژماردەکران.
نمونەی ئەو گەڕەکانە وەکو دەشتمر و گوڵان و تلکەبەر و هیزل و نەورۆز.
مەردان بەرواری، دانیشتووی یەکێک لەو گەڕەکانەیە بە 964ی وت، جادەکانیان بەکەڵک نایەن و دوای چەندین جار بەڵێندان هێشتا چاکنەکراون.
لەوبارەیەوە، یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964ی وت، “لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەست بە قیرتاوکردنی جادە و بانی چەندین گەڕەک دەکەین، کە ئەو پێنج گەڕەکەش دەگرێتەوە”.
بە قسەی ئەو تاوەکو هاتنی ساڵی 2024، ئەو گەڕەکانە هەموویان قیرتاو دەکرێن.