دیمەنێک لە قەزای خەلیفان. وێنە: 964
رێکارەکانی بە قەزا بوونی خەلیفان تەواو بووە
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
لە دوای ئەوەی لە مانگی 12ـەی ساڵی رابردوو بە ئامادە بوونی وەزیری ناوەخۆ بە قەزابوونی سیدەکان راگەیندرا، هەر هەمان رۆژ وەزیری ناوخۆ رایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە قەزابوونی خەلیفانیش رادەگەیەنن.
لەگەڵ بە قەزا بوونی خەلیفان ژمارەی قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت بە شەش قەزا.
هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سۆران بە 964ـی راگەیاند، تەنیا چەند هەنگاوێکی کەم ماوە بۆ بە قەزا بوونی خەلیفان، لەئێستادا ئەو پرسەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوە ماوە بڕیارەکە دەربچێت و فەرمانە وەزاریەکە بگەڕێتەوە.
وتیشی، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و فراوانی رووبەروو شوێنە ستراتیجیەکەی گرنگی خۆی هەیە خەلیفان ببێت بە قەزا.
لەدوای بە قەزا بوونی خەلیفان دوو گوندی سەر بە خەلیفان دەکرێن بە ناحیە، تاوەکو ئێستا باس لە گوندەکانی سرێشمە و ئالانە دەکرێت بەڵام بڕیاری لەسەر نەدراوە، هەژار حەکم وای وت.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێنج قەزای هەیە جگە لە خەلیفان، ناحیەی خەلیفان بە مەودای 11 کیلۆمەتر لە سۆرانەوە دوورە و لە ساڵی 1967بووە بە ناحیە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 40 هەزار کەسە و 63 گوندی لەسەرە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی