ئاهەنگی دەرچووی ٤٥٤ خوێندکاری ئاوارە
دهۆک .. ٤٥٤ خوێندکاری پەنابەرو ئاوارە ئاهەنگی دەرچوونیان سازکرد
+964
هێڤی دەوالی – دهۆک
لە هۆڵی پەیمانگەی ئاراراتی نا حکومی لە دهۆک، سێیەمین خولی دەرچوون بۆ ٤٥٤ خوێندکاری پەنابەرو ئاوارە بەڕێوەچوو، رێکخراوی SPARKـی هۆڵەندی خوێندنی بۆ دابین کردبوون.
SPARK ، رێکخراوێکی خێرخوازیی نێودەوڵەتی هۆڵەندییە، ماوەی سێ ساڵە هاوکاریی خوێندکارانی ئاوارەو پەنابەران دەکات و، سەرجەم خەرجییەکانی خوێندنیان لە پەیمانگای ئاراراتی ناحکومی بۆ دابین دەکات.
بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢، زیاتر لە ٤٥٤ خوێندکاری پەنابەری سووری و ئاوارەی ناوخۆی عێراقی لەو پەیمانگایە خوێندنیان تەواو کردووەو ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ سازکرا.
شیلان ئەحمەد، کوردی سووریایە و دەرچووی بەشی ئینگلیزیی پەیمانگاکەیە، بە +964ـی راگەیاند؛ ئەو هاوکارییە وا دەکات خوێندکارانی ئاوارە بتوانن خوێندنەکەیان تەواو بکەن.
+964 دەزانێت، رێکخراوی SPARK جگە لەوەی خەرجیی ساڵانەی خوێندنیان لە پەیمانگاکە دابین دەکات، مانگانەش هاوکاریی ماددیی خوێندکارەکان دەکات.
رێباز ئەحمەد، بەرپرسی هەڵسەنگاندن و چاودێری لە رێکخراوی SPARK دەڵێت، ساڵانە هەزار فۆڕم بڵاو دەکەنەوە و ٤٥٤ خوێندکاری ئاوارە هەڵدەبژێرن و هەر دوو ساڵی خوێندنەکە هاوکاریی ماددی تەواویان دەکەن.
ئەو بە +964ـی وت؛ ٧٤ خوێندکار دەنێرینە کۆلێژ و ٣٨٠ خوێندکاریش دەنێرینە پەیمانگای ئارارات، تا ئێستا هاوکاریی ٩٨٢ خوێندکار کراوە لە ماوەی سێ ساڵدا.
بە وتەی رێباز ئەحمەد، رێکخراوەکەیان هاوکاریی پڕۆژەی بچووکیش دەکەن و قەرزیان دەدەنێ و وۆرکشۆپی سێ مانگیش بۆ فێرکردنی پیشە بۆ ئاوارەو پەنابەرەکان دەکەنەوە.
تەنها لە شاری دهۆک، ٥٠٠ هەزار ئاوارەو پەنابەر هەیە و لەسەر ئاستی پارێزگاکەش ٢١ کەمپ هەیە. کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان