گرێکوێرەی زەوییە سندوقییەکان کرایەوە

964+

هێمن بەکر – هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە سندوقییەکانی ئیدارەی سۆران و دەوروبەری هەولێر.

دەستەواژەی “زەوییە سندوقییەکان” لە لایەن خەڵکەوە بەکاردەهێندرێت، بە زەوییەک دەوترێت کە لانیکەم یەکێک لە لایەکانی کراوەتە خانوو.

ئەو زەوییانە پێشتر زیادەڕۆ بوون، واتە دەکەوتنە بەر ماستەرپلانی شارەوانییەکان، دواتر خەڵکێکی زۆر خانووی لەسەر دروستکردن، بەڵام هەمیشە حکومەت هەڕەشەی رووخاندنی دەکردن.

ژمارەی زەوییەکان زیاتر لە سێ هەزار دانەن، دەکەونە ناوەندی قەزای سۆران و دەوروبەری، هەروەها قەزا و ناحییەکانی دەوروبەری هەولێر.

964+ قسەی کرد لەگەڵ کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو زانیارییانەی سەرەوەی پشتڕاستکردەوە.

کوردۆ شابان وتی، حکومەت بڕیاریداوە ئەو زەوییانە بە “نرخێکی گونجاو” بە خاوەنەکانیان بفرۆشێتەوە، نرخێک کە بتوانن بیکڕنەوە، کە لە لایەن شارەوانی ناوچەکانەوە دیاری دەکرێت.

دوای فرۆشتنەوەی زەوییەکان، خاوەنەکانیان دەتوانن تاپۆی بکەن و مامەڵە یاساییەکانیان لەسەر ئاسان دەکرێت.