پۆلیس روونکردنەوەی دا

لە قەڵادزێ گەنجێک بە چەقۆ کوژرا

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

درەنگانی شەوی رابردوو گەنجێکی دانیشتووی قەڵادزێ لە لایەن دوو کەسەوە بەر چەقۆ دەدرێت و لە رێگادا بەرەو نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیان لەدەستدەدات.

گەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی راپەڕینە لە قەڵادزێ، بەپێی زانیارییەکانی 964 خاوەنی کافتریایەک بووە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ 964، شەوی رابردوو لە دوای داخستنی کافتریاکەی لەگەڵ دوو کەس بووەتە دەمەقاڵەیان و بە چەقۆ بریندارکراوە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانە دەکرێت بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بەڵام لە رێگادا لە قەزای دوکان گیان لەدەستدەدات.

لە بارەی رووداوەکەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی راپەڕین روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:

شەوی رابردوو بریندارێک بە ناوی ( و . ٲ . م ) رەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 2002، پیشەی کاسب، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ڕاپەڕین گەیەندرایە نەخۆشخانە، شوێنەواری 4 چەقۆ بەسەر جەستەیەوە هەبووە.

دوای چارەسەری سەرەتایی بە هۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ سلێمانی، بەڵام پێش گەیشتنی بۆ شوێنی مەبەست لە رێگه‌ گیانی لەدەستداوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە و دواتر به دوو کەس بە چەقۆ هێرشی کراوەتەسەر و بە سەختی بریندار بووە.

هه‌روه‌ها له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانه هەوڵدرا وتەی لێ وەربگیرێ، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی تەندروستی وتەی بۆ نەدراوە.

بە بڕیاری دادوەر بە پێی مادەی 406 لە یاسایی سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەس دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە رێکخراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا