جوتیارێک لە کاتی چاندنی گەنم لە گوندی کەژانە. وێنە:964
لە زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە قەرز دەست بە چاندن کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
مام عوسمان جووتیارێکی گوندی کەژانە لە ناڵپارێز، سەرقاڵی چاندنی تۆوی تەماتە و کاڵەك بوو کاتێک پەیامنێری 964 سەردانی کرد، ئەو وتی، ھەرچی ھێناوە بە قەرز بووە.
بە بەرزی مانەوەی نرخی (کووت، تۆو، سەماد، پەیینی کیمیایی و دەرمان) جووتیارانی ناچارکردووە بە قەرزی پاش بەرھەم ھەرچییەکیان پێویست بووبێت بیکڕن، ھەر ئەوەندە نییە ئەم قەرزە زیادەشی خراوەتەسەر.
بەپێی سۆراغی 964 نرخێکی ھاوتا نییە لە بازاڕدا بۆ ئەو کەرەستە و دەرمانانەی جووتیاران پێویستیانە، بەڵام %5 بۆ %20 نرخی زۆرینەی دەرمان و کەرەستە کشتوکاڵییەکان بە بەرزی ماوەتەوە و ھەندێک دەرمانیش چەند ھێندە زیادیکردووە، جگە لەوەی گرانی پێنەدانی تۆ و کووت لە حکومەتەوە بۆ جووتیاران ھۆکار بووە بۆ بەرزی مانەوەی نرخیان.
عوسمان کەریم بۆ 964 ئەوەی روونکردەوە، پێشتر یەک فەردە کووتی سپی بە 19 ھەزار دینار کڕیوە، بەڵام ئێستا بە 67 ھەزار دینارە، وتیشی، “دەست بۆ ھەرچی دەبەین گرانە و تیجارییە”.
مام عوسمانی جووتیار رووبەری زەوییەکەی پێنج دۆنمە، ئەو دەڵێت، “ھێشتا بەرھەمیشم دیار نییە، بایی سێ ملیۆن دینار دەرمان و کووت و تۆوم ھێناوە بە قەرز، کابرای فرۆشیار چاوەڕێیە پارەکەی بۆ ببەم”.
ھەر مام عوسمان نییە، ئەرکان نامیق جووتیارێکی دیکەیە لە دەشتی پێنجوێن، ئەو بە 964ی وت، “نەوار، گاز، نایلۆن، دەرمان، تۆو و شەتڵم بە قەرز ھێناوە، تەنیا کرێی حەقدەستی کرێکارەکان نەبێت کە رۆژانە پێیان دەدەم”.
ئەرکان پێیوایە، ئەو قەرزکردنە بووە بە مایەی رەنجبەخەسارچوونی جووتیاران و وتی، “فرۆشیار زیادە دەخاتە سەر قەرزەکە و بە نموونە بە پارەی نەقد تۆوی سۆفیام بە 28 دۆلارە کڕیوە، بەڵام کاتێک بە قەرز دەیھێنی فرۆشیار بە 35 دۆلار پێت دەفرۆشێت، بەمەش حەوت دۆلار زیادە دەچێتە سەر نرخەکەی”.