منداڵانی ئەم گوندە بە راکردن جەژنیان کردەوە

964+
ئاسۆ وەرتی

بە جلی ئاڵ و واڵاوە هاتوون بۆ ماراسۆن. تەمەنی زۆربەیان خوار 10 ساڵە. ئێره گوندی خانەقایە لە ناحیەی وەرتێی رواندز، بەبۆنەی 1ی 6ـەوە ماراسۆن بۆ منداڵانی گوندەکە رێکخراوە.

کۆمەڵێک لە گەنجانی گوندەکە لەسەر ئەرکی خۆیان ماراسۆنەکەیان رێکخستووە.

منداڵەکان بەڕێدەکەون بۆ شوێنی ماراسۆنەکە کە بەهۆی بچووکی تەمەنیان مەودایەکی کەمیان بۆ دانراوە.

دەست بە راکردن دەکەن و هەندێکیان هێواشن، بەڵام هەموویان هەوڵدەدەن براوە بن.

لە کۆتاییدا منداڵەکان خەڵاتیان پێدرا و دڵی هەموویان خۆشکرا.

رۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان لە ساڵی 1950 دیاریکراوە لە کۆنفرانسی جیهانی بۆ مافەکانی منداڵ لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا.

لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە لە 1ی 6 چالاکی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ئەنجامدەدرێت.