تەندروستی سلێمانی: پرۆفایل بۆ نەخۆش دروست دەکەین

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، بەنیازن تاوەکو بەهاری داهاتوو، سیستمەکەیان بکەن بە ئەلیکترۆنی، کە هەر نەخۆشێک پرۆفایلی خۆیی هەبێت.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی بە 964+ی وت، دەیانەوێت لە قۆناغی یەکەمدا بابەتی دەرمان و تاقیگە بکەن بە ئەلیکترۆنی، کە ئەوان و هاوڵاتی و  نەخۆشخانەکان پێکەوە ئاگایان لەو دەرمانانە بێت کە هەن و ئەوانەی کە دەست ناکەون.

هەروەها لەبارەی دروستکردنی پرۆفایل بۆ نەخۆش، ئەو بەرپرسە وتی، “پلانەکە وایە کە هەر نەخۆشێک پرۆفایلی خۆیی هەبێت، تیایدا تۆمارکرابێت چووەتە لای کام دکتۆر و کام نەخۆشخانە و کام دەرمانەی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی دکتۆرە نوێیەکەی ئاگاداری بارودۆخی بێت”.

لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو بابەتە، تەندروستی سلێمانی دەڵێت پشت بە بودجەی تەرخانکراوی خۆیان دەبەستن، بەڵام ئەگەر بەشی نەکرد، ئەوا دەبێت یارمەتی بدرێن.

دکتۆر هێرش دەڵێت، “سواڵیشی بۆ بکەین، ناچارین ئەو سیستمە دروست بکەین بۆ ئەوەی ئیش و کارەکانمان بچنە پێشەوە”.

لەبارەی کاتی تەواوبوونی ئەو سیستمە، تەندروستی سلێمانی کاتێکی دیاریکراوی دانەناوە، بەڵکو دەڵێت، کە هیواخوازە تاوەکو سەرەتای بەهاری داهاتوو تەواو بووبێت.