ئه‌مڕۆ قۆناغی “ده‌ركردن” له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ ده‌ستپێده‌كات

“له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دوو هه‌ڵبژارده‌ ده‌گه‌نه‌ قۆناغی شازده‌”

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ قه‌ته‌ڕ پێده‌نێته‌ قۆناغی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و له‌ ئه‌مڕۆیه‌وه‌ چاره‌نووسی تیپه‌كان له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ هۆی هه‌ستیاریی یارییه‌كانیشه‌وه‌، هه‌ر دوو یاری له‌ یه‌ك كاتدا دێنه‌ ئه‌نجامدان.


كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ ده‌بێته‌وه‌، بارودۆخی هه‌ردوو تیپ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ و قه‌ته‌ڕی میواندار ته‌نیا یارییه‌كی ته‌واوكاری ده‌كات، چونكه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغی شازده‌ بێهیوا بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی دوو یاریی رابردووی دۆڕاند.

له‌ به‌رانبه‌ردا هۆڵه‌ندا، كه‌ چوار خاڵی هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وێت و پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ هه‌یه‌.له‌ یارییه‌كه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌دا، ئیكوادۆر و سه‌نیگال به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، هه‌ردوو تیپ بۆ بلیتی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ یاریی ده‌كه‌ن و كامه‌یان براوه‌بێت، ده‌چێته‌ قۆناغی شازده‌، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر یه‌كسانبن، ئه‌وا ئیكوادۆر سه‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ چوار خاڵی هه‌یه‌ و سه‌نیگالیش سێ خاڵی هه‌یه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م
یاریی نێوان ئێران و ئه‌مریكا سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ده‌بێت و به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی دنیا سه‌یری ده‌كه‌ن، چونكه‌ مۆركێكی سیاسی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ململانێ و دوژمنكاری نێوان هه‌ردوو وڵات، كه‌ زیاتر لە چل ساڵه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌.

ئێران لە گروپەکەیدا سێ خاڵی هه‌یه‌، ئه‌مریكا دوو خاڵ، بۆیە هه‌ركامه‌یان بیباته‌وه‌ ئەوا راسته‌وخۆ ده‌گاته‌ قۆناغی شازده‌، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامی یاری نێوان ئینگلته‌را و وێڵز، كه‌ هه‌ردووكیان له‌ سنووری به‌ریتانیای گه‌وره‌ن کە ئەوانیش ركابه‌رییه‌كی وه‌رزشی و نه‌ته‌وه‌یی سەخت له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئاستێكی مه‌ده‌نیدایه‌.

ئینگلته‌را سه‌رووی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می گرتووه‌ به‌ چوار خاڵ، وێلز ته‌نیا خاڵێكی هه‌یه‌، ئەمەش وایکردووە هاوكێشه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ئاڵۆز بێت و، ئه‌گه‌ری زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌ڵام چانسی ئینگلته‌را لە هەموویان زۆرتره‌ له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغی داهاتوو، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر براوه‌ بێت، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سه‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام وێڵز هیوایه‌كی زۆر كزی هه‌یه‌ و له‌ مه‌حاڵ نزیكه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بردنه‌وه‌ش تۆمار بكات، پێویستی به‌ گۆڵی زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی چانسی گه‌یشتن به‌ قۆناغی شازده‌ی هه‌بێت.

خشته‌ و كاتی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
ئیكوادۆر – سه‌نیگال 18:00
هۆڵه‌ندا – قه‌ته‌ڕ 18:00
ئێران – ئه‌مریكا 22:00
ئینگلته‌را – وێڵز 22:00.