کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای تاسڵوجە دوکان لە سلێمانی. وێنە: 964
بەمزوانە
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شوێنێکی دیکەی سلێمانی دادەنرێت
964+
دێسکی کوردی
هاتوچۆی سلێمانی بەنیازە بەمزوانە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دەروازەی رێگای تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵ دابنێت.
بۆ ئەوە، هاتوچۆی سلێمانی چاوەڕێی قسەی کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکانە.
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ئەوەیە کە گرنگ نییە بە چەندە خێرایی شۆفێر ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕێت، ئەگەر زووتر لە کاتی خۆی بگاتە خاڵی داهاتوو، کامێراکە پێی دەزانێت و غەرامەی بۆ دەنووسێت.
964 قسەی کرد لەگەڵ رائید بەھمەن عەبدوڵا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی، ئەو کاتی دانانی بەشی دووەمی کامێراکانی ئاشکرانەکرد، بەڵام نەیشاردەوە کە ماوەیەکی تر دادەنرێت.
لە کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 29.5.2023، بە بڕیاری ھاتوچۆی سلێمانی، 24 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای تاسڵوجە بۆ دوکان کەوتنە کار.
بۆ یەک هەفتەی رابردوو، کامێراکان وەکو تێست لەو رێگایە لە کاردا بوون، بەڵام ھیچ سزایەکیان بۆ شۆفێران تۆمارنەکرد.
964 دەزانێت، لە ھەر سایدێکی شەقامەکە 12 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراون، شۆفێر بۆ ئەوەی غەرامە نەکرێت نابێت خێرایی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکەی زیاتر بێت لە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەگوێرەی سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، لە نێوان 70 بۆ 250 ھەزار دینار سزای سەرپێچییەکانە، ئەوەش کەوتووەتەوە سەر خێرایی ئۆتۆمبێلەکە.
ھاتوچۆی سلێمانی لەکاتی بوونی ھەر مامەڵەیەک بڕە پارەکە لە شۆفێری سەرپێچیکار وەردەگرێت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار و رەقەم بوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بێ تابلۆ و بێ سەرەتان بە وەسڵێک سەرپێچییەکەیان لەسەر ھەژماردەکات.