دهۆک.. پشکنینی شەکرە بەخۆڕایی بکە

+964

هیڤی دێوالی

لە پارکی نەورۆزی سەنتەری پارێزگای دهۆک، ژمارەیەک خوێندکاری بەشی شیکاری نەخۆشییەکانی زانکۆی جیهان، بەخۆڕایی پشکنینی شەکرە بۆ خەڵک دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ـی تشرینی دووەم، ژمارەیەک خوێندکاری بەشی شیکاری نەخۆشییەکانی زانکۆی جیهان لە هەڵمەتێکدا لە چوارچێوەی راپۆرتێکی مەیدانی زانکۆییدا، بەخۆڕایی پشکنینی شەکرەیان بۆ خەڵک ئەنجامدا.

پەیامنێری +964 کە لەناو پارکەکە بوو، ئەو دیمەنانەی تۆمار کردووە کە خوێندکارانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانی زانکۆی جیهان، پشکنینی شەکرەیان بەخۆڕایی بۆ خەڵک دەکرد.

هێلین فەرهاد، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلیژی زانستی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان بۆ +964 قسەی کردووە دەڵێ؛ ئەوەی دەیکەین بەشێکە لە راپۆرتێکی زانکۆیی لەسەر نەخۆشی شەکرە لەهەردوو جۆری شەکرەی سیستەمی بەرگری لەش کە بۆ ئەوانە دەکرێت تەمەنیان لەسەرووی ٤٥ ساڵی دایە، هەروەها کەسانێک کە نەخۆشی شەکرەیان هەیەو خۆیان ناپارێزن.

زانکۆی جیهان، یەکێکە لە زانکۆ ئەهلییەکان لە کوردستان و ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە، لقی سەرەکی لە شاری هەوڵیرەو، لە دهۆک و سلێمانیش لقیان هەیە.

شاکر زێباری، یەكێک لەو هاوڵاتیانەی لەناو پارکی نەورۆز بوو، پشکنینی خۆڕایی شەکرەی کردبوو، دەڵێ؛ ئەم حەز دەکەین هەر چالاکیێن هوسا بهێنە ئەنجامدان، دەست خوشیێ لە زانکویا جیهان دەکەین کە وەها چالاکیەکی بێ بەرانبەر بۆ هاوڵاتیان دەکەت.

پشکنینی خۆڕایی شەکرەی خوێندکارانی زانکۆی جیهان، دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و، ئەمڕۆ رۆژی یەکەمی بوو.

ئەحمەد نەزیر، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆی جیهانەو یەکێکە لەو خوێندکارانەی بەشداری راپۆرتە زانستییەکەی زانکۆکەکەی کردووە دەڵێ؛ پشکنینەکان بێ بەرانبەرە، وتی “مەرەم ژ ڤێ چالاکیێ ئەوە کو هوشداریێ بدەینە هاولاتیان کە خۆیان دوور بێخن ژ خارنێن زیانبەخش”.