1300 یەکەیە

 لە سۆران دەست بە جێبەجێکردنی یەکەکانی کرێنشینان کرا

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستبەجێبەجێکردنی یەکەکانی کرێنشینان کراوە و ژمارەیان 1300 یەکەیە.

پڕۆژەکە لە چوارچێوەی ئەو 20 هەزار یەکەیەدایە، کە حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە لە سەرتاسەری هەرێم بۆ کرێنشینان دروستی بکات.

لە ئێستادا پڕۆژەکە کارە سەرەتاییەکانی دەستپێکردووە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا تەواو بکرێت.

ئاراز مستەفا، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ی وت، “پڕۆژەکە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە دەبێت و تا تەواو نەکرێن بەسەر کرێنشیناندا دابەش ناکرێن”.

یەکەکان بە پێشەکی 30% دەدرێن بە کرێنشینان و ئەوەی دەمێنێتەوە بە قیستی 15 ساڵ لێیان وەردەگیرێتەوە.

“پڕۆژەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ کەمکردنەوەی کرێنشینان و بڕی 60 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە”، هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وای بە 964 وت.

پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 40 دۆنم زەوی لەنێوان گوندی بادلیان و گەڕەکی دێڵزان دروستدەکرێت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد