قایمقامی کەلار پێدانی بەنزینی ٦٩٠ دیناری راگرت

+964

میلاد جەلال

تاکسییەکانی کەلار، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی وەردەگرن و بە نرخی بەنزینی بازرگانی کرێ لە رێبواران وەردەگرن، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیانیش قایمقامی کەلار، بڕیار دەدات چیتر بەنزینیان پێ نەدرێت.

بەنزینی ٦٩٠ دیناری، ئەو بەنزینەیە کە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرەو تەنیا دەدرێت بە هۆیەکانی گواستنەوە، وەک تاکسی و مینی پاس و کۆستەرەکان، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ هاوکاریکردنی ئەو توێژەو گران نەبوونی نرخی گواستنەوە.

شەوی رابردوو، قایمقامی قەزای ناوەندی کەلار، بڕیاریدا هەر تاکسییەک و مینی پاس و پاسێکی هێڵی گواستنەوەی ناوشار، پابەند نەبن بە بڕیارەکانی قایمقامیەت لە دابەزاندنی نرخی گواستنەوە، ئەوا چیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری پێ نادرێت.

+964 دەزانێت، پێش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، پاسەکان ٥٠٠ دیناریان لە رێبواران وەردەگرت، هەروەها تاکسیش بۆ ناوشار سێ هەزار دیناری وەردەگرت، بەڵام لەگەڵ گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، پاسەکان بوون بە ٧٥٠ دینارو تاکسیش چوار بۆ پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

بڕیارەکەی قایمقامیەتی ناوەندی قەزای کەلار، دوای ناڕەزایەتی خەڵک دێ لەوەی نرخەکان بە دابەشکردنی بەنزینیش دانەبەزیوە.

قایمقامیەتی ناوەندی قەزای کەلار لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەست () کەوتووە دەڵێ؛ شۆفێران پابەند نەبن پێی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی ٦٩٠ دیناری رادەگرین.

مینی پاس و پاس و تاکسییەکانی کەلار، لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆریان لەو بەنزینە وەردەگرن بەڵام ئامادە نین نرخی گواستنەوەی گشتی ناوشار دابەزێنن.

کارمەندێکی ئەو بەنزینخانەیەی کە بەنزینە ٦٩٠ دیناری تێدا دابەش دەکرێت، بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ؛ لەلایەن قایمقامی قەزای کەلارەوە لێستێکیان پێدراوە کە ناو و ژمارەی کۆمەڵێک پاسی تێدایە، جگە لەوانەی کە ناویان لە لیستەکە ھەیە بەنزینەکە نادرێت بە ھیچ ئۆتۆمبێلێکی تر.
کارمەندی بەنزینخانەکە ئەوەشی وت “ئەوانەی کە ناویان لەو لیستەدا ھەیە ئەو شۆفێرانەن کە مامۆستا و فەرمانبەرانی دەرەوەی شار دەگوازنەوە”.