لەمەودوا سیستمی غاز بە مەرجە

+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دانانی سیستمی غازی لە خانوو و پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا مەرجدار کرد و بڕیاریشە بە رێنماییەک ئەو شوێنانە سزا بدەن، کە سەرپێچییان کردووە.

ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ژمارەیەک مەرجی راگەیاند و ئاماژەی بەوەش دا، لە داهاتوودا رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان رادەگەیەنن.

دانیشتەنەکەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی دوای ئەو زنجیرە رووداوانەی ئەم مانگە هاتن کە لە شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکە بەهۆی غازەوە روویان دا، کە دیارترینیان تەقینەوەی خانووەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و سەموونخانەکەی دهۆک بوون، کە ٢٢ کەس گیانیان لە دەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی تریش بریندار بوون.

کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە +964ـی راگەیاند، لەمەودوا پێداچوونەوە بە سەرجەم کۆمپانیاکانی دانانی غاز دەکرێت و دەبێت هەموو ئەو وەستایانەش کاری دانانەکە دەکەن دەورەیان بۆ بکرێتەوە و سەلامەتترین رێکارەکانی دانانی فێر ببن و بەکاری بهێنن.

مەرج و داواکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دانانی سیستمی غاز:

*كاركردن بە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌كانی عێراق لە‌ سە‌لامە‌تیی كاركردن بە‌ سیستمی غاز.
*ئێشکگری هەبێت لەناو پارێزگا و شوێنەکانی دیکەش، ئە‌ندازیار ھە‌بێ لە‌ناو یە‌كە‌ ئیدارییە‌كان وە‌ك پسپۆڕی سیستمی غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان.
*وەبەرهێنان دانانی سیستەمی غاز بكاتە مە‌رج لە‌ خانوو و یە‌كە‌كانی نیشتە‌جێبووندا.
*تووندكردنە‌وە‌ی سزای سە‌رپێچیكاران لە‌و رێنماییانە‌ی دواتر دە‌ردە‌كرێن بە شێوەی فەرمی.
*دە‌ستە‌یە‌ك لە‌ پارێزگای سلێمانی و یەکە ئیدارییە‌كان دروست بكرێت و پشكنین بۆ غاز بكات لە‌ رێگای ئامێری پشكنینی پێشكە‌وتوو لە هەموو ناوچەکان.
*بە‌ ناوەندکردنی سیستمی غاز لە‌ سنووری ئیدارەی سلێمانی و دە‌بێت حكومە‌ت لە داهاتوودا ئە‌مە‌ کارە بکات.
*بڵاوكردنە‌وە‌ی ھۆشیاریی بۆ هاوڵاتیان سەبارەت بە سیستمەکە.
*شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی چاو بخشێننەوە بە مۆڵەتی پێدانی بینادا.