کشتوکاڵی هەرێم داوا لە بەغدا دەکات بازگەکان بکاتەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە بەغدا دەکات، ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە بازگەکان رێگە لە بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم دەگرێت، هاوکات داوای زیادکردنی بەشە گەنمی جوتیارانی هەرێم دەکرێت.

حکومەتی عێراق بە بڕیارێک لە بازگەکان رێگەنادات سەوزە و میوە لە هەرێمەوە بچێت بۆ خوارووی عێراق.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، پەیوەندییان کردووە بە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری داد و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی داواکاری هەرێم بگەیەننە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

هاوکات داوا دەکات، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ رێژەکەی زیادبکرێت وەک رێژەی شارەکانی دیکەی خوارووی عێراق بێت.

بۆ ئەمساڵ هەرێمی کوردستان تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت، ئەو رێژەیەش تەنیا وەرگرتنی بەرهەمی یەک پارێزگایە، بەراورد بەو بەرهەمەی ئەمساڵ هەرێم دەیبێت.

ئەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنم، لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردنی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقە.

پێشتر 964 بڵاویکردەوە، لە پارێزگای دهۆک تەنیا %23ی گەنمی ئەو پارێزگایە وەردەگیرێت، بەجۆرێک وا پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی ئەو پارێزگایە 382 هەزار تۆن گەنم بێت، بەڵام سایلۆکانی تەنیا 100 هەزار تۆن وەردەگرن.