نزیکەی چوار ساڵە یەک پڕۆژەی رۆشنبیری جێبەجێ کراوە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە هەزار و ٢٨٨ پڕۆژەی وەبەرەهێنان کە لە ماوەی کابینەی نۆدا مۆڵەتی جێبەجێکردنیان پێ دراوە، تەنها یەک پڕۆژەی رۆشنبیریی تێدایە.

بەپێی ئاماری دەستەی وەبەر‌هێنان، لە ماوەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەزار و ٧٣٨ پڕۆژە داواکاریی مۆڵەتیان کردووە و هەزار و ٢٨٨ پڕۆژە لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا پەسەند کراون.

هۆکاری بوونی تەنها یەک پڕۆژەی رۆشنبیری لە دەستەی وەبەرهێنان ئەوەیە، هیچ کەسێک پڕۆژەی پێشکەش نەکردووە، بە قسەی وەبەرهێنان.

“ئێمە لە هەموو کۆڕبەند و کۆنفرانسێک بانگەشەی ئەنجامدانی پڕۆژەی رۆشنبیریی دەکەین، بەڵام وەبەرهێنەران نەهاتوونەتە پێشەوە و هیچ ویستێکیان بۆ دروستکردنی نییە”، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان وای بە +964 وت.

ئەو تاقانە پڕۆژە رۆشنبیرییە لە شاری هەولێرە و سەنتەرێکی راهێنانی هونەرییە.

وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێم پلانی هەیە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان خۆیان پێشنیاری پڕۆژە رۆشنبیرییەکان بۆ وەبەرهێنەران بکەن.

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی بە +964ـی وت، “لە بەرنامەماندایە لە بەرامبەر پێدانی پڕۆژە بازرگانییەکان، مەرجی دروستکردنی پڕۆژەی رۆشنبیریی بەسەر وەبەرهێنەرەکاندا جێبەجێ بکرێت.”

پێشی وایە پڕۆژە رۆشنبیرییەکان پڕۆژەیەک نین قازانجی زۆر بکەن، بۆیە وەبەرهێنەران ئامادە نین سەرمایەکانیان بخەنە پڕۆژەیەکەوە کە قازانج نەکات.