نرخی ئۆتۆمبێل دادەبەزێت

ئۆتۆمبێل بە دینار بکڕە و دۆلاریش بە 132 هەزار بۆی هەژمار دەکرێت

964+

فەرمان سادق

لەمەودوا کۆمپانیاکان ئۆتۆمبێل بە دیناری عێراق بە کڕیاران دەفرۆشن و دۆلاریشیان بە 132 هەزار دینار بۆ هەژمار دەکەن.

بڕیارەکە حکومەتی عێراق داویەتی کە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانوبەرە لەمەولا بە دینار ئەنجامدەدرێت، بەهای هەر 100 دۆلارێکیش بەرامبەر بە 132 هەزار دینار دەبێت.

بڕیارەکە جێبەجێکراوە و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر دەفرۆشن پێیەوە پابەندکراون، بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانایانەی ئۆفیسیان لە شارەکانی کوردستان هەیە جێبەجێی دەکەن.

964 پەیوەندی بە کۆمپانیای سەردار بۆ ئۆتۆمبێل کرد، بەشی فرۆشتنی کۆمپانیاکە دەڵێت: هێشتا بڕیار نەدراوە لە کوردستان ئۆتۆمبێلەکانیان بە دینار بفرۆشن، هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

سەفین خەلیفانی، خاوەن پێشانگا لە بازاڕی مەعرەزەکانی هەولێر بە 964ـی وت، هەموو کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی سفر دەفرۆشن لە کوردستان ناچارن پابەندی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بن، چونکە لقیان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیە.

دەشڵێت: ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕ و نرخەکەی دادەبەزێت، تەنانەت کاریگەری لەسەر نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی دووانەش دەبێت کە لە ئەمریکاوە هاوردەی کوردستان دەکرێن و نرخی ئەوانیش دادەبەزێت.

زیاتر وتیشی “بەڵام بڕیارەکە زەحمەتە لە بازاڕی مەعرەزەکان جێبەجێ بکرێت و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بکات بە دینار لە جێگەی دۆلار”.