دەڕاسە گەنجێکی قووتدا
964+
کاروان ساڵحی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرکوک گەنجێکی 17 ساڵ بووە بەژێر قایشی دەڕاسەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکان، گەنجەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەژێر قایشی دەڕاسەکەدا بە بێهۆشی ماوەتەوە.
دەڕاسە ئامێرێکی گەورەیە بۆ دروێنەی گەنم.
رووداوەکە لە سنوری گوندی وەریدیەی ناحیەی عەباسی لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک روویداوە.
گەنجەکە ناوی زاهر عەدنانە و خەریکی کرێکاری بووە.
سابت عەلی جبوری هاوڕێی ئەو گەنجەیە و بە 964ی وت، “باوکی زاهر گورچیلەکانی لەکارکەوتووە و ناتوانێت کار بکات، هەر بۆیە زاهر چەند رۆژێک دەبێت وەکو کرێکار لەگەڵ شۆفێری دەڕاسەیەک کار دەکات”.
ئەو چیرۆکەکەی وا گێڕایەوە، زاهر چووەتە دواوەی دەڕاسەکە بۆ ئەوەی سەیری عەمبارەکەی بکات، گوایە کتوپڕ جلوبەرگەکەی کەوتووەتە بەر قایشی دەڕاسەکە و لوولی کردووە لەگەڵ خۆیدا.
لەلایەکی دیکە، سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە و وتی نەخۆشخانەی قەزای حەویجە لەو رووداوە ئاگاداریان کردوونەتەوە و پێیان وتوون، “کاتێک گەنجەکەیان هێناوە بێهۆش بووە و پاش چەند کاتژمێرێک گیانی لەدەستداوە”.