قایمقامی سەیدسادق: لە مانگی شەشەوە بارھەڵگرەکان بۆیان نییە لەناو شار بوەستن
964+
ئەحمەد مستەفا _ سلێمانی
لیژنەی ئەمنیی سەیدسادق، لە 1.6.2023 وە نایەڵێت، ھیچ شۆفێرێکی بارھەڵگر لە ناو کوچە و کۆڵانەکانی سەیدسادق پارکی سەیارەکانیان بکەن.
لەسەر رێگای گوندی قاینەجە و دەرەوەی سەنتەری قەزاکە، گەراج ئامادەکراوە تا شۆفێرەکان سەیارە بارھەڵگرەکانیان لەوێ پارک بکەن و پۆلیسی ھاتوچۆش بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە راسپێردراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.5.2023 رەزا محەمەد قایمقامی سەیدسادق و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکە بە 964ی وت، “ئەم بڕیارە لە ئەنجامی فراوانی و جەنجاڵی شاردراوە و خواستی زۆرێک لە دانیشتووانی قەزاکەش بووە”.
پۆلیسی ھاتووچۆی سەیدسادق راسپێردراوە لە مانگی حوزەیرانەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، قایمقام دەڵێت، “لەو وادەیەوە ئیتر وەستانی سەیارەی بارهەڵگر لە ناو گەڕەک و کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی ناو شار قەدەغەیە، بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری بارگرانی و بێزاربوونی هاوڵاتیان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ”.
رەزا محەمەد داواشی کرد، “شۆفێران هاوکاریان بن، بە پابەندبوون بە بڕیارەکە و ھاوکاری بەشی پۆلیسی ھاتووچۆی سەیدسادق بکەن،چونکە دەسەڵاتی سزادانیان پێ دراوە لە بەرانبەر ھەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات”.