پزیشکانی جوانکاری: وەزارەتی تەندروستی بیانوومان پێدەگرێت
964+
فەرمان سادق
پزیشکانی جوانکاری ناڕازین لە لیژنەی چاودێری وەزارەتی تەندروستی و دەڵێن، بیانوویان پێدەگرن بۆ داخستنی سەنتەرەکانیان کە ئامانج لێی ناوزڕاندنیانە.
ژمارەیەک پزیشکی سووتان و جوانکاری بە نیازن ئەمڕۆ چوارشەممە 24.5.2023، بە نیازن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتی لەسەر لیژنەی چاودێری وەزارەتی تەندروستی دەرببڕن.
دکتۆر هونەر دڵزار، پسپۆڕی سووتان و جوانکاری بە 964ـی وت، ناڕەزایەتی ئێمە لەوە نییە لیژنەی وەزارەت بە نهێنی سەردانمان دەکات. بەڵکو لەوەیە بیانوومان پێ دەگرن و دواجار بڕیاری داخستن بۆ رۆژێک دەدەن، ئەمەش لەسەر ناوبانگی سەنتەرەکەمان دەکەوێت.
وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی بەو دکتۆرانە کردووە و ئێستا نوێنەریان لە وەزارەتە بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانیان.
لە هەولێر 400 سەنتەری جوانکاری هەیە، بەشێک لەوان بەنیازن سەنتەرەکانیان تێکبدەن و بیکەن بە کلینیکی پزیشکی بۆ ئەوەی نەجاتیان بێت لە لیژنەی چاودێری وەزارتی تەندروستی.
جیاوازی نێوان سەنتەری پزیشکی و کلینیکی پزیشکی ئەوەیە کە سەنتەر هۆڵی نەشتەرگەری هەیە، بەڵام کلینیک نیەتی بۆیە سەر بە سەندیکای پزیشکانە.
دکتۆر هونەر، لەو کاتەی بە تەلەفۆن قسەی بۆ 964 دەکرد لە وەزارەتی تەندروستی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەو دەڵێت: ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکران ئەوا کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەین.