تێچووەکەی سێ ملیار و 130 ملیۆن دینارە

لە رانیە خێرخوازێک قوتابخانەیەک دروست دەکات

964+

مەجید بیتوێنی – رانیە

لە شاری رانیە خێرخوازێک قوتابخانەیەکی نموونەیی دروست دەکات، کە تێچووەکەی سێ ملیار و 130 ملیۆن دینارە و دواتر رادەستی پەروەردەی رانیەی دەکات.

قوتابخانەکە 12 پۆلیی دەبێت و لەسەر رووبەری دوو هەزار و 500 مەتر دروست دەکرێت و دەبێتە قوتابخانەیەکی نموونەیی کچان.

جەمال حاجی سێناجیانی، جێبەجێکەری قوتابخانەکە بە 964ی راگەیاند، بەهۆی کۆنیی قوتابخانەکانی رانیەوە هەستیان کردووە پێویستە وەک بنەماڵەی حاجی سێناجیانی ئەو قوتابخانەیە دروست بکەن.

لە ئیدارەی راپەڕین 391 ناوەندی خوێندن بوونیان هەیە و 131یان باخچەی ساوایانن، لەو ژمارەیەدا هەشت قوتابخانەیان زۆر کۆنن و وەزارەتی پەروەردە بڕیاری رووخاندنیانی داوە.

“بینای قوتابخانەی ئامادەیی رانیەی کچان زۆر کۆن ببوو، بۆ خوێندن کەڵکی نەمابوو، هەرکات ئەو خێرخوازە قوتابخانەکە تەواو بکات بە پێی مەرج و رێنماییەکان لێی وەردەگرین”، ئەمە وتەی یوسف جەلال، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی راپەڕینە بۆ 964.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد