ناوچەیەکی گەشتیاری قەزای ماوەت
دەستەی وەبەرهێنان
پڕۆژە گەشتیارییەکان 15 ملیار دۆلار سەرمایەیان بەگەڕخستووە
964+
فەهمی نەبی
دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەینێت، مۆڵەتیان داوەتە 190 پڕۆژەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، ئەو پڕۆژانە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار سەرمایەیان بەگەڕخستووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆڕبەندێکی ئابوری لە هەولێر ئەمەی وتوە.
بەگوێرەی وتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەو پڕۆژانەی دراونەتە کەرتی گەشتیاری %22.5ی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پێکدەهێنن.
بەبێ خستنەڕووی هیچ وردەکاریەک لەبارەی ئەو 190 پڕۆژەیە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت لە هەریەکە لە بوارەکانی گەشتیاری، پیشەسازی و کشتوکاڵ وەبەرهێنان برەوپێبدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لەمەوبەر دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندبوو، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا مۆڵەت بە 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، کە بەهاکەیان زیاتر لە 577 ملیۆن دۆلارە.
لەو ژمارەیەی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە، لە چوار پارێزگاکەی هەرێم زۆرینەی پڕۆژەکان بەر هەولێر کەوتوون بە 11 پڕۆژە، حەوتیان لە دهۆکن و چواریشیان لە سلێمانی و پڕۆژەکەی تریش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.