هەڵمەتی بڕینی بۆڕی ئاوی زیادەڕۆ لە زاخۆ. وێنە: قایمقامیەتی قەزای زاخۆ
500 ملیۆن دینار داهاتی زیاد کردووە
زاخۆ.. 2700 هێڵی ئاوی زیادەڕۆ دەبڕدرێت
964+
فەرمان سادق
ماوەی دوو ساڵە هەڵمەتی بڕینی بۆڕی ئاوی زیادەڕۆ لە زاخۆ دەستی پێکردووە و نزیکەی سێ هەزار بۆڕی بڕاوە.
سەنتەری قەزای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 111 گەڕەک پێکدێت، 60 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە کە 48 هەزاریان پێوەری ئاویان بەستووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22.5.2023، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی زاخۆ بڕینی چەندان بۆڕی ئاوی زیادەڕۆی راگەیاند.
وەڵات هەجەر، بەڕێوەبەری کارگێری قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە لە مانگی تەمووزی 2021 دەستی پێکردووە و بەردەوامە.
دەشڵێت: لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار و 700 بۆڕی ئاوی زیادەڕۆ بڕدراوە.
زیاتر وتیشی “بە بڕینی بۆڕی ئاوی زیادەڕۆ لە زاخۆ، کێشەی ئاوی 15 گەڕەک چارەسەر بووە، هەروەها 500 ملیۆن دینار داهاتیش بۆ حکومەت زیادی کردووە لە بەستنی پێوەری ئاو لەلایەن هاوبەشانەوە”.