دوو سەبەتەی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت

964+
كوردستان ئەحمەد

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێكردنی سەبەتەی چوارەمی بەشەخۆراكی ئەمساڵی راگەیاند.

حكومەتی عێراق سەبەتەی پێنجەم رەوانەی پارێزگاكان دەكات و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا،  بەشەخۆراكی مانگی 5ی ئەمساڵ دابەش دەكرێت..

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەسەر راسپاردەی ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانی و بە سەرپەرشتی لەما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی خۆراك، دەستكراوە بە دابەشكردنی سەبەتەی چوارەمی بەشەخۆراك بەسەر بریكارەكاندا لە سەرجەم پارێزگاكاندا.

كاكە خان عەلی، بریكاری دابەشكردنی خۆراكە لە هەولێر، بەتۆڕی964ی راگەیاند، ناوی وەرگرانی بەشە بایەعی هاتوەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ خۆراكێكیان پێنەگەیشتوە و بەشەكانی ئەم مانگەش وەك مانگەكانی دیكە، رۆن و شەكر و برنج و ئاردە.

داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات هەر رەخنە  و گلەییەكیان لە بریكارەكان هەیە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانییەوە بكەن.