تیمی 24 كاتژمێری ئاگركوژێنەرەوە لە سلێمانی پێكهێنرا

964+

دیلان محەمەد جەزا

تیمە گەڕۆکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی 24 کاتژمێر لەسەر شەقامەکانی سلێمانین لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ھەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە.

لە رێگەی حەوت ئۆتۆمبێلی بچووکەوە لە حەوت شوێنی جیاوازی سلێمانی تیمەکانی بەرگری شارستانی جێگیر کراون.

رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964 وت، ماوەیەکی کەمە ئەو تیمانە لە شاری سلێمانیدا دانراون وتوانراوە بە زووترین کات بگەنە ھەر شوێنێک کە ئاگری لێکەوتبێتەوە.

ئۆتۆمبێلەكان لە دووڕیانی سەرچنار، پردی كۆبانێ، بەردەركی سەرا، بەردەم سلێمانی پاڵاس و لە چەند شوێنێكی دیكەی شەقامی مەلیك مەحمود و هەروەها چەند تیمێكیش بەشێوەی گەڕۆك لە ناوشاردا دەگەڕێن.

ھەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 700 لیتر ئاو دەگرێت، توانای ھەیە بچێتە سەر شاخ و کۆنتڕۆڵی ئاگر بکات لەو جێگایانە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە نایگاتێ.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد