گومانیان لە مردنەکەی هەیە؛ گۆڕەکەیان هەڵدایەوە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە سلێمانی گۆڕی مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵ هەڵدرایەوە بە مەبەستی پشکنینی زیاتر، کە لە سەرەتای ئەم مانگە بە شێوەیەکی تەمومژاوی لەوکاتەی لەژێر دەستی پۆلیسی بنکەی سەرچنار بووە، گیانی لەدەستداوە.

فەرمان ئەحمەد، برای قوربانیەکە بە 964+ی راگەیاند، رۆژی هەینی، ٢٥ی تشرینی دووەم، گۆڕی سەهەند ئەحمەدی برایان هەڵداوەتەوە و  رەوانەی پزیشکی داد کراوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر.

ئەو گەنجە بەهۆی شەڕکردنی لەگەڵ کەسێکی دیکە دەستگیرکرابوو، کە دەیهێننە بنکەی سەرچنار، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە و هەڵدێت، پۆلیسەکان شوێنی دەکەون، دواتر لە دەستیان بەردەبێتەوە و گیان لەدەست دەدات، ئەمە بە قسەی سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی.

براکەی سەهەند باسی لەوەشکرد، ئەوان گومانیان هەیە لە مردنی براکەیان، پۆلیس پێی وتوون کامێرای بنکەکەیان لەوکاتەدا کە رووداوەکە روویداوە ئیشیان نەکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەگەیشتووە، چونکە توێکارییەکەی دوو رۆژی دیکە دەخایەنێت و گومانیان هەیە بەوەی کوڕەکەیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدابێت.

بە قسەی بنەماڵەکەی، “شایەتحاڵ هەیە لە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت، پۆلیسەکان لە سەری سەهەندیان داوە و خوێن بە سەر و لوت و دەمیدا هاتووەتە خوارەوە”، هەروەها پێیانوایە، پۆلیسی سلێمانی راستییەکانیان پێ نەوتوون.