"پرسیارە وەزارییەکان ئاشکرا نەکراون"
ئاسایشی هەولێر: ئەو كەسانە دەستگیر كران ئامێری قۆپیەکردنیان دەفرۆشت
964+
كوردستان ئەحمەد
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، چەند كەسێكمان دەستگیر كرد، بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری غەشكردن و بانگەشەیان دەكرد بۆ فرۆشتنی وەڵامی پرسیارە وەزارییەكان.
لە راگەیەنراوێكدا ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوای ئەوەی لە لایەن وەزیری پەروەردەوە ئاگاداركرانەوە كە چەند كەسێك
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی فرۆشتنی ئامێری بلوتوز و وەڵامی پرسیارە وەزارییەكانیان دەكرد، پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستگیر كران.
ئاسایش دەڵێت، چەند كەسێكمان دەستگیر كردووە، چەند كەسێكی دیكە لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركراون و دراونەتە دادگا.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكدا گرتووە كە بۆ قۆپیەكردن بەكاردەهێنران.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، قوتابیان ئاگادار دەكەینەوە هەموو ئەو قسانەی باس لەوەدەكەن وەڵامی پرسیارەكان ئاشكرا بوون، دوورن لە راستییەوە و هیچ كەس پرسیارەكانی نەدیوە.