دیمەنی کێڵگەیەکی تەماتە کە جوتیاران تێیدا سەرقاڵی کارن- وێنە: 964+
یەكا و دە بەرهەم دەدات
پێنجوێنییەکان ئەمساڵ زیاتر تەماتەیان چاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
ھەمووان چاویان لەسەر شوتیی پێنجوێنە، بەڵام بەھۆی ناسکیی بەرھەمەکە و پارەنەکردنی، جووتیارە پێنجوێنییەکان ئەمساڵ دووقاتی شوتی، تەماتەیان چاندووە.
زەوییە بەپیت و بەرەکەتەکەی پێنجوێن وای کردووە، ساڵانە سەدان و ھەزاران تۆن بەرھەمی ھەبێت، وەک تەماتە، شوتی، خەیار، کولەکە و پەتاتە، ھەروەھا بوونی چەڵتوک و قەزوان و سالمە و کەنگر و بنێشت لە ناوچە شاخاوییەکانی.
ئەمساڵ جووتیارەکانی زیاتر روویان لە چاندنی تەماتە کردووە و تەنیا ساڵی رابردوو نزیکەی 10 ھەزار تۆن تەماتە بەرھەمێندرا.
رەوەند بەکر یەکێکە لە جووتیارەکان، ئەو بە 964ی وت، “برشتی تەماتە یەک لەدوای یەکە، ساڵی پار کە شوتیمان ھەبوو، زیانێکی زۆرمان کرد، زۆری بەر نەخۆشی کەوت و نرخێکی کەمیشی کرد، کە پارەی تێچووەکەشی دەرنەھێنایەوە، بۆیە ئەمساڵ سەرقاڵی شەتڵی تەماتەین”.
ئەوەشی وت، “مەسرەفی زەرعات زۆر زۆرە، کە ئەمەش گرفتێکە و تووشی جووتیاران بووە، چونکە لە دوو دۆنم زەویدا پێویستە بڕی ھەزاردۆلار (10 وەرەقە) خەرج بکەین، ئەوە جگە لە کێڵان و نەوار راخستن”.
گرفتێکی دیکەی جووتیارەکان گرانی نرخی پەینی کیمیایی و تۆ و دەرمانە، چونکە ئەوان دەرمان و پەینەکان بە دۆلار دەکڕن و بەروبوومیش بە دینار دەفرۆشنەوە، ئەوە جگە لەوەی کەم ئاوی وای کردووە، تا رادەیەک جووتیارەکان دەستبەرداری بەشێکی زەوییەکانیان ببن.
تەماتەی پێنجوێن لە مانگی ئاب بۆ ئەیلوول پێدەگات، بەمەش ھەناردەی بازارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەشێک لە بازرگانە عەرەبەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ھەر لە ئێستاوە مشتیان لە بەرھەمەکە خۆش کردووە، تا ھەناردەی بکەن.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد