پۆتن گیرفانەکانى پڕ دەکات

ئەمریکا گەمارۆکانی سەر نەوتی رووسیای بۆ 30 رۆژ هەڵپەسارد

964+

وریا فەتاح

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد بۆ پێدانی مۆڵەتی 30 رۆژە بە وڵاتان تا بتوانن ئەو نەوت و بەرهەمە نەوتییانەی رووسیا بکڕن کە لە ئێستادا لە دەریادا گیریان خواردووە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ جێگیرکردنی بازاڕەکانی وزەیە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە تووشی شۆک بوون.

پێدەچێت دواى ئەم هەنگاوە، نرخى نەوت روو لە دابەزین بکات.

نرخى نەوت بۆ ئەمڕۆ لە سەرووى 100 دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێکى مامەڵەى پێوە دەکرێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەش (IEA) دەڵێت ئەم جەنگە “گەورەترین پچڕانی خستنەڕووی نەوتە لە مێژوودا”.

ئەم بڕیارە دەریدەخات کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەژێر گوشارێکی توندی بەرزبوونەوەی نرخەکاندایە. دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پەککەوتنی گواستنەوە لە گەرووى هورمز، واشنتۆن ناچار بووە پەنا بۆ نەوتی رووسیا ببات (کە پێشتر گەمارۆی لەسەر بوو) تا رێگری لە داڕمانی ئابووری جیهانی بکات.

ئەمە جارێکی تر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ڤلادیمێر پۆتن گەورەترین سوودمەندی ئەم جەنگەیە، نەوتی وڵاتەکەی کە پێشتر کڕیاری کەمی هەبوو، ئێستا وەک “فریاگوزار” بۆ بازاڕەکانی جیهان سەیر دەکرێت و گەمارۆکانی لەسەر سووک دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دووینێ پێنجشەممە، جۆن هیڵیوەزیری بەرگری بەریتانیا جەختی کردەوە کە پوتین “تاکە رێبەری جیهانە” کە لەم جەنگە سوودمەند بێت، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یارمەتی دارایی سوپاکەی دەدات لە جەنگی ئۆکرانیادا.