ناڕەزایەتی مامۆستایانی گەرمیان بەردەوامە

داوای هەڵوەشاندنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مەرجدار دەکەن

+964

هونەر فارس- گەرمیان

دژی پلە بەرزکردنەوەی مەرجدار و دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆ، مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان گردبوونەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو ١٦ـی تشرینی دووەم، لە بەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مامۆستایانی ناڕازی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی پلە بەرزکردنەوەی مەرجدار و دەستگیرکردنی هیوا خالید خوێندکاری زانکۆی گەرمیان گردبوونەوە.

ئاری عیزەدین، یەکێک لە نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ ئامانج لە گردبوونەوەکە نارەزایەتی دەربڕینە دژی پلە بەرزکردنەوەی مەرجدار کە ئەنجومەنی راژە لە ماوەی رابردوو ئەو پرسەی هێناوەتە پێشەوەو دەیانەوێت وەک پڕۆژە یاسایەک رەوانەی پەرلەمانی بکەن.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ٢٤ـی تشرینی دووەم، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە رۆژی شەممە ٢٦ـی مانگ خۆپیشاندانی فراوان و رێپێوان ئەنجامدەدن، داواشیان لە دایکان و باوکانی قوتابیان کرد هاوکاریان بن و رۆڵەکانیان نەنێرنەوە بۆ قوتابخانە.

پەیامنێرانی +964 رایانگەیاند، لەسەر هەمان پرس لە سلێمانی و هەڵەبجە و رانیەش ژامرەیەک مامۆستا ناڕەزایەتییان نیشاندا، هەمان داوایان هەبوو.

بەپێی بەدواداچوونێکی +964 بۆی دەرکەوتووە کە لە رۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠١٧ـەوە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە بە یاسایەک پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەستپێ بکاتەوەو مەرجداری بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی +964، پڕۆژە یاسای مەرجدارکردنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان، بەگوێرەی چالاکی و رێزلێنانی مامۆستایان دیاری  دەکرێت  و  پشت  بە  خاڵ  و ئەزموونی چەند ساڵەی مامۆستا نابەستێت.

ژمارەیەک مامۆستای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان دژی یاسای راژەو پلە بەرزکردنەوە ناڕەزایەتینا نیشاندا

نیگەرانی مامۆستایانی ناڕازیش دژی ئەو پڕۆژە یاسایە لەوەوە سەرچاوە  دەگرێت  کە پێیانوایە  ئەو  مامۆستایانە  زیاتر  پلەیان  بەرز  دەکرێتەوە  کە  نزیکن  لە  حزب  و  لایەنەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ بەرپرسەکان باشە.

سیروان حەسەن مامۆستای ناڕازی بۆ +964 وتی “ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ ئەم جۆرە یاسایە هەیە و دەزانین پشت بە بنەمای پەیوەندی  حزبایەتی  و  پەیوەندی  کۆمەڵایەتی دەبەستێت و تەنیا لە بەرژەوەندی ئەوانەیە کە لە دەوری حزب و بەرپرسن، بۆیە بە هەمووشێوەیەک دژی دەوەستینەوە و قبوڵمان نیە”.

لای خۆیەوە مامۆستا ئاری عیزەدین دەڵێ، مامۆستا  هەیە  چەندین  ساڵە  خزمەت  دەکات  بەڵام  تا  ئێستا  هیچ  رێز  و  سوپاسێکی  بۆ  نەهاتووەتەوە  لەبەر  ئەوەی  سەر بە حزب نیە.

بەشێکی دیکەی داواکاری مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هیوا خالید خوێندکاری زانکۆی گەرمیان بوو کە هەفتەی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی زانکۆی سلێمانیدا دەستگیر کراوە.

مامۆستا ئاری عیزەدین وتی “ئەگەر  بە  زووترین  کات  هیوا  خالید  ئازاد  نەکرێت،  دەست  لە  مافی  خۆمان  هەڵدەگرین  و  لەگەڵ  خوێندکاران  دەڕژێینە  شەقام  بۆ  ئازادی کردنی”.