دەستەی گەشتوگوزار: بە کوردی نەنوسن سزا دەدرێن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا هەر شوێنێکی گەشتیاری تابلۆکەی و خواردن و خزمەتگوزارییەکانی بە زمانی کوردی نەنوسرێن، ئەوا تاوەکو ئاستی داخستن سزا دەدرێن، ئەمە بڕیاری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە.

بە پێی ئەو بڕیارە، زیاتر لە سێ هەزار شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێن کە لە تابلۆ و لیستی پێشکەشکردنی خواردندا زمانی کوردی بکەنە سەرەکی.

“بڕیارەکە هی مانگی ئابە، رێنمایی پێویستمان دەرکرد و لە دهۆک وەک یەکەم شوێن چووەتە بواری جێبەجێکردن”، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم وای بە 964+ وت.

ئاماری دەستەکە دەریدەخات، لە هەرێمی کوردستان ٦٢٥ ھۆتێل، زیاتر لە ٣٦٠ مۆتێل، ھەزار و ٨٥٣ رێستۆرانت، ٨٠ گوند و کۆمەڵگای گەشتیاری و زیاتر لە ٢٠٠ ناوچەی سرووشتییش ھەیە.

سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، ئەم کارە بۆ گرنگیدانە بە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی و یەکەمی هەرێمی کوردستان، “هەرکەسێکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت و سزاکان تاوەکو ئاستی داخستنی شوێنەکان دەڕۆن.”

وتیشی: “بە تەنیشت زمانی کوردییەوە ئاساییە هەر زمانێکی تر بەکار بهێندرێت”.