نیوه‌ی بازاڕی گوڵاڵه ژێر ئاو كه‌وت
+964
راژان ماجید – خانەقین
یەكەم بارانی ئەمساڵ لە شارۆچكه‌ی گوڵاڵە لافاوێكی بەهێزی دروست كرد، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان زیانیان پێگه‌یشت و زیاتر له ١٥٠ دوكانیش ژێر ئاو كه‌وتن.
شەوی رابردوو بارانێكی زۆر و به لێزمه له قەزای خانەقین و دەوروبەری باری، لە ئەنجامیشدا رووبار و دۆڵەكان زیندووبونەوەیەكی نوێیان بە خۆوە بینی و پڕ ئاو بوون، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێك شوێنی دیكه‌ی قەزاكە زیانێكی قورسیان بەركەوت، بە تایبەتی شاره‌دێی گوڵاڵە، كه بە هۆی زۆریی بارانه‌كه لافاو دروست بوو، هه‌روه‌ها بەرەو ناو شاره‌دێیه‌كه هات و لە ئەنجامدا زیاد لە نیوەی بازاڕەكە ژێر ئاو كەوت.
باوكى عەلی، ماسیفرۆشێكی بازاڕەكه‌یە، بە دیار ماسییە مرداربووه‌كانییه‌وه بۆ 964+ ئاشكرای كرد، به هۆی لافاوه‌كه‌وه زیاتر لە نۆ ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە، هه‌روه‌ها دەڵێت، “نازانم داوای یارمه‌تی له كێ بكه‌م، ئەم بارانە هەموو سەرمایەكه‌می برد”.
موجبل جه‌میل حه‌مه‌د، بەڕێوەبەری شارەوانی گوڵاڵە، بەیانی ئەمڕۆ شه‌ممه، بە هاوەڵی تیمێكی شارەوانی روویانكردە بازاڕەكە بۆ پاككردنی پاشماوەی قوڕاوی لافاوەكە.
“لافاوەكە لە دۆڵی عۆسەج بەرزبووەتەوە و بەرەو ناو بازاڕەكە هاتووە، به‌م هۆیه‌وه زیاد لە ١٥٠ دوكان ژێر ئاو كەوتووە“
موجبل جه‌میل بۆ 964+ رایگه‌یاند، شارەوانی بە سەرجەم كارمەندانییەوە بە هەموو گوڕوتینێكەوە بۆ یارمەتیدانی كاسبكارانی ئەم بازاڕە و پاككردنەوەی بە زووترین كات، كار ده‌كات.
شایەتحاڵه‌كان باس لەوە دەكەن، شەوی رابردوو نزیكی كاتژمێر ١١، لافاوەكە لە دۆڵی عۆسەج بەرزبووەتەوە و بەرەو ناو بازاڕەكە هاتووە، به‌م هۆیه‌وه زیاد لە ١٥٠ دوكان ژێرئاو كەوتوون.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی 964+ له‌باره‌ی بڕی بارانبارینی سەرجەم قەزا و ناحیەکانی کوردستان ده‌ستی كه‌وتووه، له قه‌زای خانه‌قین ٢٦.٧ ملیم باران باریوه.