باران دیواری بەشە ناوخۆییەكی هەڵەبجەی داڕماند

+964
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
شەوی رابردوو بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر لە هەڵەبجە بەشێک لە دیواری بەشەناوخۆیی عەنەبی کوڕانی سەر بە زانکۆی هەڵەبجە داڕما و دڵەڕاوکێی لای خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکە دروستکرد.

کاوە حەمەکەریم خدر، بەرپرسی بەشەناوخۆیی عەنەبی کوڕان بە 964+ی راگەیاند، ئەوەی کە رووخاوە دیواری راگر نییە، بەڵکو دیواری حەوشەی بەشەناوخۆییەکەیە و لە کۆنیدا رووخاوە، هەروەها هیچ مەترسی بۆ ژوورەوە دروستنەکردووە، “ئێستا لە هەوڵداین بۆ چاککردنەوەی دیوارەکە”.

سەهەند عەلی، خوێندکاری بەشەناوخۆیی عەنەب بۆ 964+ی باسکرد، ئەوان لە هەر ژوورێکدا پێنج بۆ شەش خوێندکاری تێدایە، هەروەها کێشەی ئەوان کۆنی بیناکەیە “هەر بە سەیرکردن وا هەست دەکەیت ئەمڕۆ و سبەی دەڕوخێت کە پڕیەتی لە دوپشک و جاڵجاڵۆکە، چەندین جار داوامان کردووە لە سەرۆکایەتی زانکۆ کە بەشە ناوخۆییەکی نوێمان پێبدەن، بەڵام وەڵام نادرێینەوە”.

ئەو بەشەناوخۆییەی کە بەشێک لە دیوارەکەی داڕما لە ٢٤ ژوور پێکهاتووە، نزیکەی ١٥٠ خوێندکاری تێدایە.

حەكیم هانەسورەیی، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجبە بە 964+ی وت، “بارانبارین لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و زیانێكی مادیی زۆریشی نەبووە، تەنیا زیان بە دیوای بەشەناوخۆییەكە گەیشتووە”.