بێ زیادە خستنەسەر ئامێری کشتوکاڵی بۆ جوتیاران دابیندەکرێت

فەهمی نەبی

بڕیارە کۆمپانیایەک بێ هیچ زیادە خستنەسەرێک ئامێری کشتوکاڵی ئیتاڵی بە قیستی درێژخایەن بداتە جوتیاران.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوە لەگەڵ کۆمپانیای هارون گروپ کە ئامێری کشتوکاڵی بە قیست دەداتە جوتیاران، ئەمەش بەپێی ئەو گرێبەستەی پێشوتر کردویانە و تاوتوێی دەستپێکردنی پرۆسەکە کراوە.

بەپێی راگەینراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان چوار بڕیاریان پەسندکردووە.

کۆمپانیاکە دەبێت بۆ جوتیارانی هەریەکە لە سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین بەرچاوڕوونی بدەن لەبارەی ئەو ئامێرانەی جوتیارەکان وەریدەگرن و نمونەی ئامێرەکانیان نیشانبدرێت، هاوکات هەردوولا گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی کە سوو نەچێتە سەر ئەو ئامێرانە چونکە بانکەکە ئیسلامیە، داواکراوە جوتیارەکان نوسراو لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکانیان وەربگرن و ئاراستەی بەشی گرێبەستی وەزارەتی کشتوکاڵی بکەن.

ئامێرە کشتوکاڵیەکان مۆدێرنن و بۆ هەریەکە لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاودێری و ئاژەڵداری بەکاردەهێنرێن.