لەكۆیە 250 یاریزان بەشداری فێستیڤاڵی فڕینیان كرد
964+
شلیر سەعید – كۆیە
بە بەشداری 250 یاریزان لەسەر چیای کۆساری گەشتیاری دووەمین فێستیڤاڵی پەرەگلایدەر بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە بەبۆنەی رۆژی کۆیە بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە 15.5.2023 ئەنجامدرا کە فیستیڤاڵەکە لەلایەن یانەی ئاسمانی هەیبەت سوڵتان بەرێوەچوو، هەروەها بەسەرپەرشتی فیدراسۆنی ناوەندی ئاسمانی عێراق.
تاریق سورچی، بەرپرسی پەیوەندیەکان و راگەیاندنی یانەی باڵی ئازاد لە كوردستان بە 964ی وت، ئەمە ساڵی دووەمە لە کۆیە وەها فیستیڤاڵێک ئەنجامبدرێت کە گشت یانەکانی کوردستان و عێراق لە یاری پەرەگلایدەر و پەرەماتۆر و باڵۆن و هانگلایدەر تێیدا بەشداربوون.
لە فێستیڤاڵەکە 250 یاریزان بەشداربوون کە لە نەتەوەی کورد و عەرەب و مەسیحی بوون، هەروەها چەند یاریزانێکی کچ و تەنانەت یاریزانی ئێرانی و عەرەبیش بەشداربوون.
ئاری ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یانەی ئاسمانی هەیبەت سوڵتان بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی تۆبۆگرافیا و سروشتی کۆیە گونجاوە، ساڵانە خەڵکی زۆر روو لە کۆیە دەکەن بۆ یاریە ئاسمانییەکان، ئێمەش وەک یانەکە شانمانداوەتە بەر کارەکە و هەوڵدەدەین لە كۆیە یاریزانان کۆ بکەینەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق