گەنجە شوانکارەکەی كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا دۆزرایەوە

964+

ئاکام غەفور – هەریر

لە دوێنێ یەکشەمە 14.5.2023 شوانێک لە شاخی بەنی هەریر ونبووبو، دوای 24 کاتژمێر گەڕان بە دوایدا دۆزیەوە و شایه‌تحاڵه‌كانیش ده‌ڵێن، لە شاخ هه‌ڵدێراوه‌و دەستێکی شکاوە.

گەنجەکە ناوی گەنجۆ تاژەدینە تەمەنی سەروی 20 ساڵە، ماوەی سێ مانگ دەبێت هاوسەرگیری کردوە دانیشتوی گوندی حەسەناوەی ناحیەی هەریرە.

لە بەیانی زووەوە زیاتر لە 100 کەس لە کەسوکاری گروپە شاخەوانیەکان و خەڵکی هەریر بەدوایدا دەگەڕێن، لە لاتە شاخێکى كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا دۆزیانەوە، خلیسکاوە نەیتوانیوە بێتە دەرەوە دەستێکی شکاوە

خەیروڵا سەلیم، کەسوکاری شوانەکەیە بە 964ـى وت “دوای گەڕانێکی زۆر توانیمان گەنجۆ بدۆزینەوە لە ژیاندا ماوە تەنها دەستێکی شکاوە”.

وتیشی “خەلکێکی زۆر و گروپە شاخەوانیەکان لەگەڵمان بەشداربوون لە کاتژمێر پێنجی بەیانیەوە بە دوایدا دەگەڕێین”.

چیای بەنی هەریر شوێنەوارێکی دێرینی کوردستانە، یەکێکە لە کوێستانەکانی کوردستان و لە وەرزی بەهار و هاوین ئاژەڵدارێکی زۆر رووی تێدەکات.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن